لە پانێڵێکدا بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تاووتوێ کرا

رۆژی ٢٧-٣-٢٠٢٢ لە هؤڵی ئوتێل شیراتۆن لە هەولێر، لەژێر دروشمی “بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان – ئاسۆ و چارەسەر” تۆڕی رێکخراوەکانی بواری هەڵبژاردن بە پاڵپشتیی رێکخراوی سندوقی نیشتمانی لە پێناو دیموکراسی NED، چالاکییەکی لە چەند دیبەیت و پانێلێکدا رێکخست، کە تێیدا بانگهێشتی هەریەک لە د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان؛ د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی؛ زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ زیاد جەبار محەممەد، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان؛ شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان؛ عومەر گوڵپی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و محەممەد سەعدەدین لە پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ، جنان جبار بويا نوێنەرى فراكسيونى هاوپەيمانى يەكێتى نەتەوەيى کرد بۆ دیداری تایبەت بە “هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان”.

هاوکات کۆنسوڵی ئەمریکا و نوێنەری یونامی – بەشی هەڵبژاردن، دەزگای هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەکانیش بەشدارییان لەو دیدارەدا کرد و گفتوگۆی تێروتەسەل کرا لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چۆنێتیی تێپەڕاندنیان و خستنە بواری کرداریی چارەسەرەکانیش.

لە دەرئەنجامى گفتوگۆى بەشداربووان پانێلەکە گەیشتە ئەم دەرئەنجامانەى خوارەوە:

1. ئەرکى پەرلەمانى کوردستانە هەستێت بە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە یاساییانەى پەیوەندىی بە یاساى هەڵبژاردن و یاساى کۆمیسیۆنەوە هەیە.

2. پێویستە هێزە سیاسییەکان رێککەوتنیان هەبێت و بگەنە دارشتەیەکی هاوبەش لە پێناو ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا.

3. سەبارەت بە یاساى هەڵبژاردن پێویستە پەرلەمانى کوردستان گفتوگۆى جیددى و بنیاتنەرانە ئەنجام بدات تاوەکو بتوانرێت یاسایەکى نوێى هەڵبژاردن دەربچوێندرێت، کە بگونجێت لەگەڵ قۆناغى نوێ و داهاتووى هەرێمى کوردستان.

4. یاساى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە زووترین کات هەمواربکرێتەوە و کۆمسیۆن بەگەڕبخرێتەوە تاوەکو دەستبکەن بە ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن.

5. ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا، کە سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆکن لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا.

6. پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەکان بە بەرپرسیارێتییەوە و دوور لە بەرژەوەندیى حیزبی تەسک بیر لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەنەوە و هەنگاوى کردەیى بنێن بۆ ئەو مەبەستە.

تۆڕی رێکخراوەکانی بواری هەڵبژاردن، کە لە شەش رێکخراوی ناحکومی بواری هەڵبژاردن پێکهاتووە، لە رێگەی ئەم چالاکییەوە خۆی راگەیاند و کاردەکات بۆ هۆشیاری دەنگدەر و ئەنجامدانی چاکسازی لە یاساکانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ..

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: