ژمارەی دانیشتوان ژێرخانی پرۆسەی هەڵبژاردنە و رۆڵی دیاریکەر دەگێڕێت لە دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، لێرەوە یەکەم هەنگاو بۆ بەدیهێنانی عەدالەتی هەڵبژاردن بەدەردەکەوێت، چونکە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بە هەڵە دیاریکرا ئەوکاتە ناعەدالەتی لە دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکانی هەڵبژاردندا دروستدەبێت و ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی پێشوەختەو سەربار بۆ دروستبوونی ناعەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا و ئەمەش رەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر کێشی پارێزگاکان لەرووی نوێنەرایەتییەوە لە پەرلەمانی کوردستاندا.
ئەم راپۆرتە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە ئەگەر لە بارێکدا هەرێمی کوردستان کرایە چوار بازنەی هەڵبژاردن، لەو کاتەدا خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشت بە کام داتا و ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەبەستێت تا لەوێوە ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک بە دروستی دیاریبکرێت.
لەبەر رۆشنایی ئەو دەرەنجامەی راپۆرتەکە لە بەشی یەکەمدا پێیگەیشتووە و بە موتوربەکردنی لەگەڵ ژمارەی ئەو دەنگانەی حزبە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستیانهێناوە، لە سێ باردا (یەک بازنەیی، چوار بازنەیی و دوانزە بازنەیی) شیکاری و خەمڵاندن بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسییەکانی حزبە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات..
وەڵامێک بنووسە