لێکەوتەکانی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

هەریەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی (١٠-١٠-٢٠٢١)دا، دوو رووداوی یەکترتەواوکەری گەورەن لە ژینگەی تەشریعی هەڵبژاردن و لە سوڕی ژیانی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، کە پێویستی بەوەیە شیکاری بۆ لێکەوتەکانی بکرێت. لەو چوارچێوەیەدا ئەم راپۆرتە هەوڵیداوە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بکاتە بنەما و ئاوێنەیەک بۆ ئەوەی هەموو یاساکانی هەڵبژاردنی پێشوتر بخانە دۆخی بەراوردکارییەوە لەگەڵیدا و گرنگترین ئەو جیاوازیانە بخاتەڕوو کە لەنێوان دەقی یاسا نوێکەی هەڵبژاردن و دەقی هەموو یاساکانی هەڵبژاردنی پێشخۆیدا هەیە.

دیارە لەو جیاوازیانەی یاسای نوێی هەڵبژاردن هێانویەتیە ناوەوە و ئەم راپۆرتە کەشفیکردون، زۆرو کەم، کاریگەری خۆیان بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری (٢٠٢١)ەوە بەجێهێشتووە و لەسەر ئەرزی واقیع چەند دەرهاویشتە و لێکەوتەیەکیان
بە داتا و ژمارە خستۆتەوە، کە جێکەی لەسەر وەستان و شیکارکردنە. بەڵام خاڵێک کە گرنگە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە جیاوازییەکانی نێوان یاسای هەڵبژاردنی نوێی (٢٠٢٠) و  یاساکانی هەڵبژاردنی پێشخۆی هەرچەندێک بن هیچ لەوە ناشارێتەوە کە گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنەکە لە (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی PRL)ەوە بۆ (یەکدەنگی نەگوێزراوە SNTV) لێکەوتە و کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر گۆڕینی ئەنجامەکانی کۆمەڵێک پرسی دیموکراسی و مەدەنی، لەوانەش وەک پرسی “کۆتای ژنان” و “کاندیدی تاکەکەسی” و “عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی”، کە بەردەوامبوونی ئەم لێکەوتانە لە دورمەودادا دەتوانێت دەستکاری ژینگەی ناوخۆی حزب بکات و زەمینەیەکی لەبار بۆ فراوانبوونی بەشداری سیاسی ژنان بڕەخسێنێت و لامەرکەزی کارگێڕی بکاتە پرسێکی پێگەیو بۆ قەزاو ناحیەکانی دەرەوەی جوگرافیای قەزای ناوەند و شارە گەورەکان. 

ئەم راپۆرتە لە شەش بەش پێکهاتووە و بەشی یەکەم و خاڵی دەرچوونمان بە پشکنین و دەرخستنی خاڵە جیاوازەکانی نێوان یاسای هەڵبژاردنی نوێی (٢٠٢٠) و یاساکانی هەڵبژاردنی پێشخۆی دەستپێدەکات. لە بەشی دووەمدا پرسی “کاندیدی تاکەکەس” وەک کارەکتەرێکی  خاوەن دەنگ و پێگە دەکەینە بابەتی بەراوردکاری نێوان ئەو دوو نەوەیە لە یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. راپۆرتەکە بەمەشەوە ناوەستێت و دەست بۆ پرسی “کۆتای ژنان” دەبات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو فاکتەرانە دەکات کە لەپشت زیادکردنی ژمارەی نوێنەرانی ژنەوەن لە پێنجەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا و بەستنەوەی ئەو ئاماژە تازانەی بەشداری سیاسی ژنان بە سیستمەکانی هەڵبژاردنەوە.

بەشی چوارەمی راپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر پرسی کەمبوونەوەی ژمارەی کاندید لە دوا هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری (٢٠٢١)دا و بنکۆڵی لە رەگ و ریشەی ئەم پرسە تازەیەدا دەکات و دەیەوێت ئەوە کەشف بکات کە چۆن لە لایەکەوە ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن زیادەدەکەن و دەبنە (٨٣) کەچی لەولاوە ژمارەی کاندیدەکان، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوتر، نزیک بە رێژەی (٥٠٪) کەمدەبێتەوە.      

لە بەشی پێنجەمدا کەڵکەڵەی راپۆرتەکە ئەوەیە بەراودکارییەک بکات لە ریژەی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی لەنێوان سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوەدا، بۆ ئەوەی بزانێت لە کامیاندا ئەو رێژەیە بەرزترە و تاچەند ئەو بۆچوونە باوە دروستە کە رێژەییبوون لە سیستمی یەکەمیاندا زۆرترە لە سیستمی دووەمیان!

بەشی شەشەم و کۆتایی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ پرسی “عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی” و بە رۆچوون بە نێو هەموو هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا و بە پۆلێنکردنی جۆرەکانی قەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردنیان ئاستی دەستەبەرکردن و بەدیهێنانی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی لە هەریەکەیاندا تاووتوێکراوە.

جێی باسە کە سەرەتای هەر شەش بەشەکەی ئەم راپۆرتە بە “دەروازە”یەک چۆتە نێو پرسەکەوەو لەوسەریشەوە و لە کۆتایی هەر بەشێکی راپۆرتەکەدا چەند دەرەنجامێکی کردۆتە قفڵ بۆ داخستنی بابەتەکە.

ماوەتەوە بڵێین کە ئەم راپۆرتە (٣١) خشتەی پڕ لە داتاو زانیاری و (٢) گرافیکی روونکردنەوەی لەخۆگرتووە، کە زانیارییەکانی بە پلەی سەرەکی پشتی بە سەرچاوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و دەقی یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەستووە..

هیوادارین توانیبێتمان لە ئاست ئەو ئەرکەدا بین کە لەم راپۆرتەدا دەستمان داوەتێ
بە ئامانجی خزمەتکردن بە رەوتی گەشەپێدانی دیموکراسی لە هەرێمئ کوردستان و عێراقدا.

دەقی راپۆرتەکە لێرەدا بخوێنەرەوە

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: