رۆژی 23-08-2022 پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و بە بەرچاوی ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکانەوە ناوەڕۆکی ئەو پێشنیارنامەیەی خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر پیادەکردنی سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵاوی هاوتەریب دەکاتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بە سیستمێکی گونجاوی دەزانێت.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئارام جەمال وەک ئامادەکاری ئەو پێشنیارنامەیە تیشکی خستە سەر جۆرەکانی ئەو بازنانەی کە سیستمی تێکەڵاوی هاوتەریب کاری تێدا دەکات و هۆکارەکانی پەسەندکردنی سیستمی تێکەڵاوی هاوتەریبی لەلایەن تیمی پەیمانگەوە بۆ میدیاکان خستەڕوو، هاوکات باسی لەوەش کرد کە ئەم سیستمە وەڵامدەرەوەیە بۆ ئەو چەقبەستووە سیاسییەی کە ماوەی چەند مانگێکە هێزە سیاسییەکان لە کایەی هەڵبژاردندا بەهۆی پرسی بازنەکانی هەڵبژاردنەوە، وەک یەکێک لە هۆکارەکان، خوڵقاندویانە.
لە سەرەتای پێشنیارنامەکەدا هاتووە کە {گرنگە ئەندامانی پەرلەمان و حزبە سیاسییەکانی کوردستان ئەوە بزانن کە سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی، کە تا ئێستا لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەرکارە، ناتوانێت کێشەی نێوان لایەنگرانی “یەکبازنەیی” و “فرە بازنەیی” لە یەککاتدا چارەسەر بکات.. هەربۆیە گونجاوترین رێگەچارە سیستمی هەڵبژاردنی هاوتەریبی تێکەڵاوە}

ئەم پێشنیارنامەیە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵاوی هاوتەریبی خستۆتەڕوو، لەبەرئەوەی هەردوو جۆری بازنەکە لەخۆدەگرێت و زادەی موتوربەكردنی هەردوو سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییو سیستمی هەڵبژاردنی فرەیی/ زۆرینەیە.
بۆ بینینی پێشنیارنامەکە کلیک لێرە بکە
کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکە ببینە
وەڵامێک بنووسە