ئەم پەیپەرە بەو دەرەنجامە دەستپێدەکات کە تەنها بوونی ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێكهاتەكان لە پەرلەماندا هەموو مەسەلەکە نییە بەڵکو لەوە گرنگتر ئەوەیە کە چۆن و بە چ شێوازێک ئەو نوێنەرانەی پێکهاتەکان هەڵدەبژێردرێن؟!
لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردسدتاندا،(یازدە- 11) كورسی بۆ سێ پێكهاتەی نەتەوەیی
(كلدۆ سریانو ئاشووری، توركمانو ئەرمەن) تەرخانکراوە، ئەمەش بە دیوێكدا هەنگاوێكی پۆزەتیڤە بەڵام بە دیوەكەی تردا ناتەواوی هەیە لە بەجێگەیاندنی شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەرەكانی ئەو پێكهاتانە، بەجۆرێک كە بۆتە مایەی بەتاڵبوونەوەی ئەو شێوازە پیادەكراوە لە لایەنە پۆزەتیڤەكەی و بە لاڕێدابردنی، كە ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەگەڵ ئامانجە بنەڕەتییەکەیدا پێچەوانە دەوەستێتەوە و دواجار رۆڵی نەرێنی و نەخوازراو لە گەشەی دیموکراسی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕێت..
سەرەڕای ئەوەی هەندێك لە پێكهاتە نەتەوەییەكان یانزە نوێنەریان لەناو پەرلەمانی کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەو پێكهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان نییەو لە قەیرانی نوێنەرایەتیدان
ئەم پەیپەرە هەوڵدەدات، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتو هەرێمانەی كە هەریەكەیان چەندین پێكهاتەی ئەتنیو ئاینییان لەخۆگرتووە، چەند میکانیزم و شێوازێكی سەرەكی بۆ نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان لە پەرلەمانەکاندا بخاتەڕوو، بۆئەوەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان گونجاوترین شێوازیان وەك رێگەچارەیەك پەسەند بكەن، بە ئامانجی دەستەبەركردنی مافی سیاسی پێكهاتە نەتەوەییەكان بە باشترین شێوە. لە کاتێکدا نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە هەریەک لەو رێگەچارانە لایەنی ئەرێنیو نەرێنیان هەیە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە تا چەند دەتوانرێت ئاستی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیکردنی راستەقینەی ئەو پێكهاتانە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا بەرزبکرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە