خوێندنەوەیەکی توێژەر و شارەزای سیستمەکانی هەڵبژاردن ئارام جەمالە سەبارەت بەوەی بەم دواییانە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەیەن لەناو سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی ئەم تایپە لە لیستیان داتاشی کە پێیدەگوترێت (لیستی نیمچەکراو).
پەیوەست بە واقیعی سیاسی و سروشتی حزبە کوردییەکان، نوسەر لەم هەڵسەنگاندنەیدا بە کۆمەڵێک دەرەنجام گەیشتووە:
1- لیستی نیمچە داخراو داتاشینێکی شێوێنەری جۆری لیستەکانی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییە، یان لە باشترین حاڵەتدا پاشەکشەیە
لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی.
2- خۆسەرقاڵکردن بە جۆری لیستەکانی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییەوە خولانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا و لەرووی گەشەی دیموکراسییەوە بێ پیت و بێ بەرهەمە.
3- سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی لە بنەڕەتدا ناتوانێت گۆڕانکاری چلۆنایەتی لە ژینگەی ناوەوەی حزبی کوردیدا بخوڵقێنێت و بە ئەزموون دەرکەوت دواجار هەر ئەو کوالێتییە نزمە لە ئەندام پەرلەمان بەرهەمدەهێنێتەوە
کە حزبەکان پێشکەشی پەرلەمانی دەکەن.
4- چاکسازی لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەوێوە دەستپێدەکات کە بچینە دەرەوەی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و تەبەننای سیستمی زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوە (SNTV) یاخود سیستمی هاوتەریبی تێکەڵاو بکەین، کە پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن لە ماوەی رابوردودا بە لێکۆڵینەوە پێشنیاری کردوون.
5- ئەو هێزە سیاسییەی ئاستی داواکارییەکانی لە چوارچێوەی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا بهێڵێتەوە، مانای وایە ئەو هێزە وزە و بڕستی گۆڕانکاری ئەرێنی و پۆزەتیڤی تێدا نەماوە، ئەگەرچی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی زۆریش بێت.
وەڵامێک بنووسە